هەرێم نیوز
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە دروستکردنی چەک و ئامێری سەربازیدا گەیشتووەتە خۆبژێوی و ئابووریی تورکیاش گەشەسەندنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی 8ـی 2026، لە یادی ٢٥ ساڵەی دامەزراندنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا کە پێشتر تفەنگی پیادەی هاوردە دەکرد، ئێستا توانای دروستکردنی کەشتیی جەنگی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هێلیکۆپتەر، تانک، مووشەک و ژێردەریایی هەیە.
سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی ڕوونی کردەوە، ئابووریی تورکیا لە پلەی ٢١ەمینەوە بۆ پلەی ١٦یەمینی جیهان بەرزبووەتەوە و هەناردەی ساڵانەیان لە ٣٦ ملیار دۆلارەوە لە ساڵی ٢٠٠٢ گەیەندراوەتە ٢٧٨ ملیار دۆلار، هاوکات داهاتی نیشتمانی لە ٢٤٠ ملیار دۆلارەوە بۆ ١.٦ تریلیۆن دۆلار زیادی کردووە.
ئەردۆغان جەختیشی لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکان کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پیلانانەی بە وتەی ئەو لە ناوەوە کار بۆ ناسەقامگیرکردنی تورکیا دەکەن.