هەرێم نیوز
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی سەپاندنی گەمارۆ دەریاییەکان بەسەر ئێراندا، ئۆپراسیۆنەکانیان لە دەریای عەرەب چڕ کردووەتەوە و دەستوەردانیان لە دۆخی دەیان کەشتیی بازرگانیدا کردووە.
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی 8ـی 2026، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، کەشتیگەلە جەنگییەکانی ئەو وڵاتە لە ئاوەکانی دەریای عەرەب بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکی چاودێری و ڕێگری لە کەشتیوانیی پەیوەست بە ئێران.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوو، کەشتیی جەنگیی مووشەکهەڵگری (USS Princeton) بە هەماهەنگی لەگەڵ هێلیکۆپتەرەکانی جۆری (MH-60R Sea Hawk)، ئۆپراسیۆنی ئاسمانیی شەوانە بەسەر ناوچەکەدا ئەنجام دەدەن.
سێنتکۆم سەبارەت بە ڕێکارە سەربازی و پشکنینەکان ئاشکرای کردووە، تا رێکەوتی 14ـی ئاب، هێزەکانیان ڕێڕەوی 62 کەشتییان گۆڕیوە، 3 کەشتییان پەکخستووە کە سەرپێچیی گەمارۆکانیان کردووە و پشکنینی مەیدانیشیان بۆ 2 کەشتیی دیکە ئەنجام داوە.