دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن" بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە.

هەرێم نیوز

 
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن" بەرەو ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە بۆ ئەوەی جێگەی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" بگرێتەوە، کە ماوەی ٢٦٠ ڕۆژە لەناو دەریادایە و ئەمەش چوارەمین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکییە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ڕەوانەی ناوچەکە بکرێت.
 
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "جۆرج واشنتن" پاش تێپەڕبوونی بە گەروی "مەلاکا"دا، بەرەو ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتووەتە ڕێ، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاڵوگۆڕی هێزەکاندا کە پنتاگۆن بڕیاری لەسەر داوە.
 
 فڕۆکەهەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" کە ئێستا ئەرکەکەی کۆتایی دێت، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کردووە و بەهۆی بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکان لەگەڵ ئێران، بۆ ماوەی ٢٦٠ ڕۆژ لەناو دەریادا ماوەتەوە بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بنکەکانی خۆی.
 
ئەم گۆڕانکارییە سەربازییە لە کاتێکدایە کە دەنگۆ و نیگەرانیی زۆر لەسەر بارودۆخی دەروونی و ژیانی پێنج هەزار سەربازەکەی سەر کەشتیی "ئەبراهام لینکۆڵن" دروست بووە، و هەندێک لە میدیاکان باس لە زیادبوونی حاڵەتی ماندوێتیی زۆر و دروستبوونی پێکدادان لەنێوان سەربازەکاندا دەکەن بەهۆی درێژبوونەوەی ماوەی ئەرکەکەیانەوە.
 
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەندێک لەو هەواڵە وەک "کوشتنی حەوت سەرباز لە شەڕدا" ڕەت کردووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی پشتڕاستیان کردووەتەوە کە تیمە دەروونییەکانی سوپا بەردەوام چاودێریی سەربازەکان دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر کێشەیەکی دەروونی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP