هەرێم نیوز
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمارکردنی حاڵەتێکی نوێی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونی لە شاری دهۆک ڕاگەیاند، کە گەنجێکی تەمەن ٢٣ ساڵی دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی 8ـی 2026، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، تووشبووەکە خەڵکی گوندی "بازێ"یە لە ئیدارەی سۆران و بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوودا، گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دهۆک.
دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان، تووشبوونی بە نەخۆشییەکە پشتڕاست کراوەتەوە و لە ئێستادا لەژێر چاودێریدایە و باری تەندروستیی جێگیرە.
وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمساڵ لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا تەنیا سێ حاڵەتی پشتڕاستکراوەی تای خوێنبەربوون تۆمار کراون، هاوکات داوا لە هاووڵاتییان و بەخێوکارانی ئاژەڵ دەکات لە کاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی گومانلێکراودا، بەخێرایی تیمەکانی ڤێترنەری و نەخۆشخانەکان ئاگادار بکەنەوە.