هەرێم نیوز
هانس گرۆندبێرگ، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یەمەن هۆشداری دا لە مەترسیی گەڕانەوەی یەمەن بۆ بازنەی ململانێیەکی فراوانتر و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی کرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی 8ـی 2026، لە میانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هانس گرۆندبێرگ جەختی لەوە کردەوە کە یەمەن ڕووبەڕووی مەترسییەکی ڕاستەقینە بووەتەوە و هۆشداریی دا کە ئەگەری هەیە ململانێکان پەرەبسێنن و تەواوی ناوچەکە بگرنەوە.
نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەموو لایەنەکان کرد گرژییەکان کەم بکەنەوە و بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، چونکە بە وتەی ئەو، دەستپێکردنەوەی جەنگ گەشەپێدان و خزمەتگوزارییەکان لەو وڵاتەدا پەک دەخات.
سەبارەت بە دۆخی دەریای سوور، گرۆندبێرگ ئاماژەی بەوە کرد کە حوسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر چەندین کەشتی و ئەو کارانە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی دروست دەکەن، بۆیە داوای زامنکردنی ئازادیی هاتوچۆی کەشتییەکان و ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی کرد کە کاریگەرییان لەسەر گواستنەوەی نەوت و کاڵا بۆ وڵاتانی ناوچەکە هەیە.