دواین هەواڵ

جیهان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

عەباس عێراقچی: ئەمریکا هەڵەیەکی گەورەتر لە گەرووی هورمز ئەنجام دەدات

هەرێم نیوز

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەمریکا بەردەوام بەهۆی کەموکوڕیی هەواڵگرییەوە تووشی هەڵەی ئەژمارکردن بووە، و جەختی لەوەش کردەوە کە ئێستا واشنتن هەڵەیەکی گەورەتر لە گەرووی هورمز ئەنجام دەدات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 13ـی 8ـی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوی کردەوە، ئەمریکا بەهۆی کەمپێزیی هەواڵگرییەوە بەردەوام هەڵەی لە ئەژمارکردنەکانیدا کردووە، و ئاماژەی بەوەش کرد باشترین نموونەش لەسەر ئەوە شەڕی دژی ئێرانە.

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا و نووسیویەتی: "زانیاریی هەواڵگریی هەڵە لە هەواڵی ساختە خراپترە، ئاگادار بن."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا عێراقچی جەختی کردەوە: "خودا لە هەموو هێزێکی سەر زەوی گەورەترە و ئێمە پشتمان بە خودا بەستووە."

ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا چوار ڕۆژ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی ئاگربەستە 60 ڕۆژەییەکەی نێوان ئەمریکا و ئێران، هێشتا هەوڵەکانی نێوەندگیری بەتایبەت لەلایەن پاکستانەوە بەردەوامن بۆ گەڕاندنەوەی هەردوولا بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نزیک قورس بێت.

لای خۆیەوە غانم عابد، سیاسەتمەداری عێراقی ڕایگەیاند، ئاماژەکانی گرژبوونەوەی دۆخەکە زیاترن لە هەوڵەکانی ڕێککەوتن، بەتایبەت دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە باڵیۆزخانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە ژمارەی کارمەندانیان کەم بکەنەوە و ئامادەکاری بکەن، کە ئەمەش نیشانەی ئەگەری پێشهاتی نوێیە، هاوکات ڕەخنەیشی لە تاران گرت کە گرەو لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەکات لەبری ئەوەی بژاردەی دیپلۆماسی و ئاشتییانە هەڵبژێرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP