هەرێم نیوز
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای پێدانی مۆڵەتی ئاسایی درێژخایەن بۆ فەرمانبەران ئەنجام دا، کە بەپێی پڕۆژەیاساکە فەرمانبەر دەتوانێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ بە 50%ی مووچەی بنەڕەتی مۆڵەت وەربگرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای "پێدانی مۆڵەتی ئاسایی درێژمهودا بە فەرمانبەران" تەواو کرد، کە ئامانج لێی ڕێکخستنی میلاکات و کەمکردنەوەی بارگرانیی داراییە لەسەر گەنجینەی گشتی.
بەگوێرەی ناوەڕۆکی ئەم پڕۆژەیاسایە، هەر فەرمانبەرێک کە ماوەی خزمەتەکەی لە ساڵێک کەمتر نەبێت، مافی ئەوەی دەبێت بۆ ماوەی پێنج ساڵ مۆڵەتی درێژخایەن وەربگرێت، لە بەرامبەردا مانگانە ڕێژەی 50%ی مووچەی بنەڕەتی (الراتب الاسمي)ی بۆ خەرج دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، هەمان ئەو فەرمانبەرەی مۆڵەتەکەی وەرگرتووە، دەتوانێت دوای تەواوبوونی نیوەی ئەو ماوەیەی کە مۆڵەتی بۆ وەرگرتووە، داوای گەڕانەوە بۆ سەر کارەکەی بکات، بەبێ ئەوەی مەجبوور بێت ئەو ڕێژەی 50%ەی مووچەی بنەڕەتی بگێڕێتەوە کە لە سەرانسەری ماوەی مۆڵەتەکەیدا وەریگرتووە.