هەرێم نیوز
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە عێراق دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دەیان تۆمەتبار ڕادەگەیەنێت بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی زەوییەکی دەوڵەت و دابەشکردنی بە شێوەیەکی نەیاسایی لە پارێزگای ئەنبار.
تۆمەتەکان و بڕیاری دادوەر
ئەمڕۆ سێشەممە ١١ی ئابی ٢٠٢٦، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، فەرمانی دەستگیرکردن و ڕاپێچکردن بۆ ٣٤ تۆمەتبار دەرچووە کە تۆمەتبارن بە دەستبەسەرداگرتن و گواستنەوەی خاوەندارێتیی دوو موڵکی دەوڵەت لە پارێزگای ئەنبار.
دەستەی دەستپاکی ڕوونیشی کردەوە، ڕووبەری ئەو دوو موڵکەی دەستی بەسەردا گیراوە ٤٠ دۆنم زەوییە و بە شێوەیەکی سەرپێچیکارانە دابەش کراوە بەسەر ٣٣٦ پارچە زەویدا.
قەدەغەکردنی مامەڵەکردن بە زەوییەکانەوە
هاوکات دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کرد کە فەرمانی دادوەریی پێویست دەرچووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتیی ئەو موڵکانە و قەدەغەکردنی هەر جۆرە مامەڵەکردن یان کڕین و فروشێک پێیانەوە، تاوەکو ڕێکارە یاساییەکان بڕیاری کۆتاییان لێ دەدەن.