دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەگەر پاکستان و هندستان بکەونە شەڕەوە؛ سعودیە و تورکیا چی دەکەن؟

هەرێم نیوز

رۆژنامەی "دیکان کرۆنیکل"ی هندی لە وتارێکدا بە ناونیشانی "پێویست ناکات هندییەکان نیگەران بن لە ڕێککەوتنی نوێی پاکستان لەگەڵ سعودیە و تورکیا" شیکاریی بۆ گرێبەستی بەرگریی هاوبەشی نێوان ئەو سێ وڵاتە کردووە کە لە ٧ی ئابی ٢٠٢٦ لە مەککە واژۆ کرا.

نووسەری وتارەکە، بارسا فێنکاتیشوار، ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە هندستان بە وریاییەوە دەڕوانێتە هاوپەیمانیی نێوان ئەنقەرە و ئیسلام ئاباد، بەڵام ئەم ڕێککەوتنە سێقۆڵییە نابێتە هۆی نیگەرانییەکی قووڵ بۆ نیودەلهی؛ چونکە لە ئەگەری هەڵگیرسانی هەر جەنگێک لە نێوان هندستان و پاکستاندا، سعودیە تەنها دەتوانێت هاوکاریی دارایی پێشکەش بە پاکستان بکات، و تورکیاش تەنها بە ناردنی درۆنی سەربازی دەتوانێت پاڵپشتیی ئیسلام ئاباد بکات، ئەمەش نابێتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هێزی سەربازی لە بەرژەوەندیی پاکستاندا.

وتارەکە ڕوونیشی دەکاتەوە کە پاڵنەری سەرەکیی سعودیە بۆ چوونە ناو ئەم "هاوپەیمانێتییە بەرگرییە"، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئێران و پاراستنی ئاسایشی خۆی دەگەڕێتەوە، بەتایبەت لەسەروبەندی ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ تاران لە ناوچەکەدا، کە وایکردووە ڕیاز زیاتر درک بە خاڵە لاوازەکانی خۆی بکات لە دوای دەرکەوتنی ڕادەی ئامادەیی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە ناوچەی کەنداو.

نووسەر پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت کە ئایا تورکیا و پاکستان ئامادەن لە پێناو سعودیەدا بچنە جەنگەوە دژی ئێران، لە کاتێکدا هەردوولا پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ تاراندا هەیە؟

لە کۆتاییدا وتارەکە جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕێککەوتنە زیاتر گوزارشتێکی سیمبولیی سێ دەوڵەتی سونییە لە بەرامبەر ئێرانی شیعەمەزهەبدا و ڕەنگدانەوەی ئەو شڵەژانە سیاسییەیە کە جیهانی فرەجەمسەری لە هاوپەیمانێتییە سەربازی و ئابوورییەکاندا دروستی کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP