ڕۆژنامەی "الشرق الأوسط" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە سەرچاوە ئەمنیی و هەواڵگرییەکان ئاشکرای دەکەن تەقینەوەی گەورەی سەرەتای مانگی ئابی ٢٠٢٦ لە کۆگایەکی ستراتیژیی ناو سەربازگەی تاجی لە باکووری بەغدا بەهۆی هێرشی درۆنەوە بووە و ئەم ڕووداوەش نیشانەی قووڵبوونەوەی جەنگێکی بێدەنگە لە نێوان حکومەت و میلیشیاکاندایە. لێکۆڵەران لە ڕێگەی کامێرا گەرمییەکانەوە فڕینی تەنێکیان لە باشووری سەربازگەکەوە بەرەو کۆگاکە بەدی کردووە کە بووەتە هۆی تێکشکاندنی تەقەمەنی و ذخیرەی موشەکیی فیرقەی ٩ی زرێپۆش کە تایبەتن بە دبابەی ئەبرامز و زرێپۆشی M113ی ئەمریکی. ئەفسەرێکی باڵا لەم بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئەوان زۆربەی ذخیرەی دبابەکانیان لەدەستداوە و ئێستا فیرقەی ٩ تەنانەت یەک دەنکە تەقەمەنیی یەدەگیشی لە کۆگاکاندا نەماوە، بەهۆی ئەم زیانانەشەوە عێراق بە پەلە داوای گرێبەستی خێرای کردووە لە ئەمریکا بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو جبەخانە لەدەستچووە.
بەرپرسان پێیان وایە ئەم هێرشە هەنگاوێکی پلانداڕێژراوە لەلایەن ئەو میلیشیایانەی ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، چونکە میلیشیاکان دەیانەوێت پێش هەر ئەگەری پێکدادانێک لەگەڵ هێزە فەرمییەکان سوپای عێراق لەو چەکە قورسانە دابڕنن کە باڵادەستیی مەیدانیی پێدەبەخشن. لەم چوارچێوەیەدا سەرکردەی یەکێک لە میلیشیاکان بە ڕاشکاوی وتوویەتی کە ئەگەر حکومەت یان ئەمریکا هێز بۆ داماڵینی چەک بەکاربهێنن ئەوان ئامادەی قۆناغی شەڕی چەکدارین لە دژی دەوڵەت.
عەلی الزیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێککەوتی ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ی وەک دوا مۆڵەتی زەیدی دیاری کردووە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کۆکردنەوەی چەکی میلیشیاکان لە ژێر دەستی دەوڵەتدا. بەڵام میلیشیا سەرەکەییەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا و بزووتنەوەی نوجەبا نەک هەر چەک دانانێن بەڵکو داوا دەکەن چەکی دەوڵەتیش بخرێتە ژێر کۆنترۆڵی گروپەکانی مقاوەمە و سەرکردەیەکی ئەو میلیشیایانەش ڕایگەیاندووە کە تەنها ئەو لایەنەی ئەم میحوەرەی دامەزراندووە بڕیار لەسەر چارەنووسی چەکەکامان دەدات. لە بەرامبەر ئەم توندبوونەوەیەدا لیوا میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندووە کە هەر درۆنێک بەبێ مۆڵەتی فەرمی بفڕێت وەک کردەوەی تیرۆریستی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دەبێت تەواوی سلاحەکان لە ژێر دەستی دەوڵەتدا بن.