دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەندازیاری تەوازن؛ کۆشکی گەل لە سێبەری هەولێردا

هەرێم نیوز 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیاوی هاوسەنگییەکانە لە ئاڵۆزترین ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست؛ ئەو پیاوەی کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا دەپارێزێت، بەردەوام سەردانی ئەنقەرە دەکات، پێشوازی لە بەرپرسانی ئێرانی دەکات، و هێڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن بە کراوەیی دەهێڵێتەوە. 

لە ناوچەیەکدا کە پڕە لە ململانێ، وێنەی ئەو وەک پیاوێکی گفتوگۆ، دانوستان و تەوازن لە ناوچەکەدا دەرکەوتووە؛ ئەوەی کە چیرۆکەکەی سەرنجڕاکێش دەکات، ئەوەیە کە ئەو نەوەی مستەفا بارزانییە، دامەزرێنەری بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی هاوچەرخ، و کوڕی یەکێک لە سەرکردە مێژووییەکانە کە بە ئەندازیاری ئاشتی لە ناو کورددا ناسراوە. 

ئەمڕۆ، لە نێوان قەیرانەکانی عێراق و گرژییەکانی ناوچەکەدا، خۆی لە چەقی ڕووداوەکاندا دەبینێتەوە، کاتێک هەوڵدەدات کوردستان لە یەک مەودادا لە هەمووان ڕابگرێت؛ لە سەردەمێکدا کە وەستان لە ناوەڕاستدا کارێکی قورسە، بەڵام ئەو هەمیشە سەرکەوتوو بووە لە پاراستنی کوردستان لە ڕێگەی هاوسەنگییەکانی ناوچەکەوە و هەمیشە پێشەنگ بووە لە کارەکانیدا. ئەو هەمیشە هێڵی یەکەمی پاراستن و گەشەپێدانی کوردستانی لە ئەستۆ بووە؛ لە ناوخۆدا هاوشێوەی ڕێبازەکەی باوکی، کاری بۆ ئاشتیی ناوماڵی کورد کردووە و لەسەر ئاستی عێراقیش هەمیشە لەپێناو دابینکردنی مافەکانی هەرێمدا لە پەیوەندیدا بووە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵی گەورەی لە ئاشتەوایی ناوخۆی عێراقدا گێڕاوە. 

ئەم ئەندازیارە ئەرکێکی سەختی لەم ڕێگایەدا بڕیوە کە بەقەد لولەی چەکی هەموو شەڕڤانانی کورد کاریگەریی لەسەر پاراستنی ڕۆژاوای کوردستان هەبووە؛ هەڵکردنی ئاڵای ١٥ مەتریی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی گەلی سووریا و پەیامەکەی ئەحمەد شەڕع، هەمیشە ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە. لە ئەزموونی تاڵی سەدەی ڕابردوودا، گەورەترین شکستە مێژووییەکان لەوەدا کورت دەبووەوە کە کورد لە ژوورە داخراوەکانی بڕیاردان ئامادە نەبوو، بەڵکو تەنیا بابەتێک بوو لە سەودای هێزەکاندا، نەک خاوەن دەنگ و ویست؛ بەڵام ستراتیژ و ڕەفتاری سیاسیی نێچیرڤان بارزانی هەوڵێکی ڕاستەوخۆیە بۆ هەڵگەڕاندنەوەی ئەم چارەنووسە سەپێنراوە..



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP