هەرێم نیوز
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا تابلۆی دانانی ژمارەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان جیا بکاتەوە، پۆلیسی هاتوچۆی هەولێریش ڕایدەگەیەنێت، ئامانج لەم رێکارە پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و ئاسانکارییە بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کاتی ڕووداوەکاندا.
تایبەتمەندیی تابلۆ نوێیەکە و هۆکاری جیاکارییەکە
ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی ئابی ٢٠٢٦، عەقید هێمن ئەمین، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە تابلۆی ئۆتۆمبێلە "Plug in" یان تەواو کارەباییەکان جیاکارییان بۆ بکرێت.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، تابلۆ نوێیەکە لە ڕووی شێوەوە هەمان شێوەی تابلۆکانی دیکەی دەبێت، بەڵام لۆگۆیەکی تایبەتی لەسەر شێوەی "بروسک" بۆ زیاد دەکرێت کە هێمای کارەبایە، تاوەکو بە ئاسانی لە ئۆتۆمبێلە سووتەمەنییە ئاساییەکان جیابکرێتەوە.
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی ئەم بڕیارە، عەقید هێمن روونی کردەوە: "ئەگەر ئۆتۆمبێلێکی تەواو کارەبایی ئاگر بگرێت، نابێت بە ئاو بکوژێندرێتەوە، بەڵکو دەبێت تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەرمانی تایبەت بەکاربهێنن، بۆیە بوونی ئەو لۆگۆیە لە سەر تابلۆکە تیمەکانی بەرهەڵستکار و ئاگرکوژێنەوە ئاگادار دەکاتەوە کە چ جۆرە مەوادێک بەکاربهێنن."
گۆڕانکارییەکانی داهاتوو و ستانداری جیهانی
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر جەختی لەوەش کردەوە، لە داهاتوودا شوێنی تایبەت بۆ بارگاویکردنی (شەحنکردنەوە) ئەم ئۆتۆمبێلانە دروست دەکرێت.
دەستنیشانیشی کرد کە ئەم رێکارانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجی ئەوەیە لەگەڵ پێشکەوتنە جیهانییەکان و ڕێکارە نێودەوڵەتییەکاندا هاوتەریب بێت، چونکە لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا ئەو جۆرە هێما و نیشانەیە بۆ ناسینەوەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بەکار دەهێنرێت.