هەرێم نیوز
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕوونکردنەوەی لەسەر لابردنی سزاکانی ئەم دواییە دا و ڕایگەیاند، سزاکانی سەر کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی "فلای بەغداد" (Fly Baghdad) و دوو فڕۆکەی وابسته بەو کۆمپانیایەی هەڵگرتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، بەرپرسێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئۆفیسی کۆنتڕۆڵی داراییەکانی دەرەوە (OFAC) بە فەرمی ناوی کۆمپانیای "فلای بەغداد" و دوو فڕۆکەی سەربە کۆمپانیاکەی لە لیستی اتباع و اشخاصی سزادراو (SDN List) دەرهێناوە.
بەرپرسەکەی وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوە کرد، بڕیارەکە دوای ئەوە هات کە کۆمپانیای فلای بەغداد داواکاریی فەرمی پێشکەش کرد و پرۆسەی پێداچوونەوەی ئیداریی بەسەردا هات؛ تێیدا کۆمپانیاکە گۆڕانکاریی ڕیشەیی و بنەڕەتی لە شێواز و چوارچێوەی چالاکییەکانیدا نیشان دا، بە جۆرێک کە مانەوەی لە لیستی سزادراواندا چیتر جێگەی خۆی نەدەگرت.
هاوکات، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە لابردنی سزاکانی پەیوەندیدار بە دژەتیرۆر و ئێران لەسەر ئەم کۆمپانیایە، بە هیچ شێوەیەک نیشانەی گۆڕانکاری لە سیاسەتی گشتیی ئەمریکا بەرامبەر دەسەڵاتدارانی ئێران، فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC-QF)، یان هەر ڕێکخراو و کەسێک نییە کە پاڵپشتی لەو لایەنانە دەکات.
لە کۆتاییدا وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕوونی کردەوە کە بڕیاری هەڵگرتنی ئەم سزایە تەنیا بەشێک بووە لە پرۆسەیەکی ڕووت و بەردەوامی ئیداری و کارگێڕی، کە دوای هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر دۆسیەی کۆمپانیای فلای بەغداد جێبەجێ کراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بڕیاری داوە بە هەڵگرتنی بەشێک لەو سزایانەی کە پێشتر بەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێراندا سەپێنرابوون.