دواین هەواڵ

عێراق‌

 23 کاتژمێر پێش ئێستا

بەرپرسێکی عەسایب: سەرۆکوەزیران سێ کاتژمێر پێش هێرشەکەی ئەمریکا و سعوودیە ئاگادار کرابووەوە

هەرێم نیوز

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی صادقون ئاشکرای کرد، سێ کاتژمێر پێش هێرشەکەی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاگادار کرابووەوە، بەڵام سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی فەرمانی چۆڵکردنی بارەگاکانی جێبەجێ نەکردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی 8ـی 2026، ئەحمەد عەدنان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی صادقونی سەر بە عەسایبی ئەهلی هەق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، کاتژمێر ١١ی شەو سەرۆکوەزیرانی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە کاتژمێر ٢ی بەیانی هێرش دەکرێتە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە حەوت پارێزگا و بڕیارەکە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە.

ئەو بەرپرسەی عەسایب ئاماژەی بەوەش کرد، نێردەی ئەمریکا ناو بە ناوی شوێنە بەئامانجگیراوەکانی لە موسڵ، بەسرە، مەداین و کەربەلا ڕادەستی سەرۆکوەزیران کردووە تا کەس نەبێتە قوربانی، سەرۆکوەزیرانیش تەواوی وردەکارییەکەی بە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ڕاگەیاندووە، بەڵام فەیاز کەمتەرخەمی کردووە و فەرمانی چۆڵکردنی جێبەجێ نەکردووە، بەو هۆیەوە زیاتر لە ٥٠ چەکداری حەشد کوژراون و بریندار بوون.

لە کۆتاییدا ئەحمەد عەدنان جەختی کردەوە، لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و پەرلەمانی عێراقیش ڕێکارەکانی دەست پێ کردووە بۆ بانگهێشتکردنی فالح فەیاز و لێپرسینەوە لەسەر هۆکاری جێبەجێنەکردنی فەرمانی چۆڵکردنی بارەگاکان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP