هەرێم نیوز
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق لە زاری وەزیری داراییەوە ڕایگەیاند، خەزێنەی دەوڵەت ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی قورس بووەتەوە و تا دوو مانگی دیکە حکومەت ناتوانێت مووچە دابین بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ـی 8ـی 2026، مەحموود فالح ئەلسەیید، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران لە زاری فالح ساری، وەزیری داراییەوە ئاشکرای کرد، لە خەزێنەی دەوڵەتدا تەنیا یەک ترلیۆن دینار هەیە، لە کاتێکدا دابینکردنی مووچەی مانگانە پێویستی بە ٨ بۆ ١٠ ترلیۆن دینارە، بەوەش حکومەت دوای دوو مانگی دیکە ناتوانێت مووچە دابین بکات.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، دۆخی ئابووری و ئەمنیی ئەمڕۆی وڵات لە سەردەمی جەنگی تایفەگەریی ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٧ و سەردەمی هێرشەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ خراپترە و عێراق لە قەیرانێکی هەمەلایەنەدا تێپەڕ دەبێت.
پێشتریش وەزیری دارایی، فالح ساری داوایەکی ڕەسمیی پێشکەشی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران کردبوو بۆ میوانداریکردنی لە دانیشتنێکی تایبەتدا، تاوەکو واقیعی دارایی و ئابووریی وڵات بخاتە ڕوو.
لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە پێشنیاری جۆراوجۆر ڕوویان لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی کردووە، لەوانە فرۆشتنی نزیکەی هەزار کۆشکی سەر بە سەرۆکی ڕژێمی پێشوو، دابەشکردنی مووچە لە ٤٠ ڕۆژ جارێکدا، و هەروەها لەپێشینەدان بە دابەشکردنی مووچەی توێژە کەمدەرامەتەکان پێش پلە باڵاکان.