دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

بانکی ناوەندیی عێراق: فرۆشتنی دۆلار لە مانگی حوزەیراندا گەیشتە زیاتر لە 5.8 ملیار دۆلار

هەرێم نیوز

فرۆشتنی دراوی بیانی لە لایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە لە مانگی حوزەیرانی 2026دا هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە 5.857 ملیار دۆلار، بەمەش بەراورد بە مانگی ئایار بە رێژەی 15% ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، لە مانگی حوزەیراندا بڕی 765 ملیۆن دۆلار زیاتر لە مانگی ئایار فرۆشراوە. بەم دەستکەوتە داراییە، کۆی فرۆشتنی دۆلار لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا 25.9 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

هۆکاری سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە بۆ زیادبوونی ئاستی بەهێزکردنی رەسیدی بانکەکان لە دەرەوەی پەنجەرەی فرۆشتنی دراو دەگەڕێتەوە، کە لە مانگی حوزەیراندا گەیشتووەتە 5.538 ملیار دۆلار، لە کاتێکدا لە مانگی ئایاردا 4.941 ملیار دۆلار بووە.

هاوکات فرۆشتنی دۆلاری کاش لە مانگی حوزەیراندا هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە 319 ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە مانگی ئایاردا تەنیا 151 ملیۆن دۆلار بووە.

ئامارەکان دەریخستووە کە بانکی ناوەندی بەردەوامە لە پشتبەستن بە سیستەمی بەهێزکردنی رەسیدی بانکەکان لە دەرەوەی پەنجەرەی فرۆشتن وەک کەناڵی سەرەکی بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی دۆلار، بە جۆرێک لە ماوەی ئەو مانگەدا هیچ فرۆشتنێک لە ڕێگەی حەواڵە یان ڕێکخستنی نێودەوڵەتی لە ناو پەنجەرەکەدا تۆمار نەکراوە.

سەبارەت بە کۆی گشتیی فرۆشتنی دراو لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، ئامارەکان ڕوونی دەکەنەوە کە بانکی ناوەندی 25.912 ملیار دۆلاری فرۆشتووە، کە دابەشبووە بەسەر 1.174 ملیار دۆلار وەک فرۆشتنی کاش و 24.738 ملیار دۆلار بۆ بەهێزکردنی رەسیدی بانکەکان لە دەرەوەی پەنجەرەی فرۆشتنی دراو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP