دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

کێ هاوکێشەی "چەکی میلیشیاکان" لە دوای کشانەوەی ئەمریکا یەکلایی دەکاتەوە

هەرێم نیوز

عێراق بەرەو وەرچەرخانێکی مێژوویی و هەستیار هەنگاو دەنێت؛ لە کاتێکدا عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا، بە بڕاوەیی ڕایگەیاند کە ٣٠ی ئەیلوولی داهاتوو وادەی کۆتایی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دەبێت تا وڵاتەکە تەواوی تواناکانی لەسەر ئاوەدانکردنەوە و گەشەی ئابووری چڕ بکاتەوە، پرسی مانەوەی چەکی میلیشیاکان وەک گەورەترین ئاڵەنگاری لەبەردەم سەقامگیریی وڵاتدا سەرهەڵدەداتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە، حەراکی مەدەنی "مبادرة عراقيون" (دەستپێشخەری عێراقییەکان) کە لە نخبەیەکی ڕووناکبیری و ئەکادیمی پێکهاتوون، بەیاننامەیەکی توندیان بڵاوکردەوە و تێیدا داوای سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی، دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێی وڵاتانی تر، و پاراستنی دەستوور دەکەن لە ڕێگەی ڕەتکردنەوەی بێشەرتی ئەوەی کە بڕیاری چارەنووسسازی وەک "شەڕ و ئاشتی" لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان (پەرلەمان و حکومەت) بدرێت، هاوکات داوای پەلەکردنیان کردووە لە کۆکردنەوەی تەواوی چەک لە دەستی دەوڵەتدا تا کۆتایی مانگی ئەیلول.

لە بەرامبەردا، پرسی داماڵینی چەکی گرووپە میلیشیاکان (بەتایبەت کەتائیبی حزبوڵڵا و نوجەبا) گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ حکومەت، چونکە شارەزایان پێیان وایە ئەم گرووپانە بەهۆی پاڵنەری ئایدۆلۆژییەوە بە ئاسانی مل نادەن.

ئەمەش حکومەتی زەیدی دەخاتە نێوان دوو بژاردەی سەختەوە: یان سەپاندنی یاسا بە هێز و ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری بۆ پاراستنی هەیبەتی دەوڵەت، یان درێژەدان بە دیپلۆماسی و مانەوە لە بازنەی گفتوگۆ، کە ڕەنگە لە ناوخۆ و دەرەوەدا وەک لاوازیی پێگەی حکومەت لێک بدرێتەوە.

سەرڕای شڵەژاوی دۆخەکە، چاودێرانی سیاسی بەدوری دەزانن پێکدادانی چەکداریی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوولادا ڕووبدات، چونکە هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" هێشتا گفتوگۆ وەک تەنها کلیل بۆ چارەسەری ئەم تەنگژەیە دەبینن



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP