هەرێم نیوز
ئەحمەد مەلا تەلال، ڕۆژنامەنووس و پێشکەشکاری دیاری عێراق ڕایگەیاند دوو نووسراوی فەرمی گەیشتوونەتە ئەنجوومەنی نوێنەران کە ناوی ٣٠ پەرلەمانتاری تێدایە بە تۆمەتی هەبوونی بڕوانامەی ساختە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی 7ـی 2026، ئەحمەد مەلا تەلال ئاشکرای کرد، دوو نووسراوی فەرمی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران کراون. بەپێی زانیارییەکانی ناو نووسراوەکان، ناوی ٣٠ پەرلەمانتار هاتووە کە بە "بڕوانامەی ساختە" توانویانە ببنە ئەندامی پەرلەمان.
مەلا تەلال ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا هەوڵێکی چڕ لە ئارادایە بۆ ئەوەی کەیسەکە شاردرێتەوە و دیزەبەدەرخۆنە بکرێت، چونکە سەلماندنی ئەوەی بەڵگەنامەکان ساختەن، دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی ئەو پەرلەمانتارانە لە پۆستەکانیان و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگا.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، دابەشبوونی پەرلەمانتارە تۆمەتبارکراوەکان بەم شێوەیەیە: ٢٢ پەرلەمانتار سەر بە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعی، ٦ پەرلەمانتار لە ئەنجوومەنی سیاسیی سوننە، و ٢ پەرلەمانتاریش سەر بە حیزبە کوردییەکانن.