هەرێم نیوز
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، گرووپە چەکدارەکان هەڕەشەیان لە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە سەرەڕای فشارەکان، سەرۆکوەزیران لە هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران پاشگەز نابێتەوە.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا ڕایگەیاند، دۆسیەی ڕاوەدوونانی گەندەڵکاران یەکلایی بووەتەوە و هەرچەندە فشار هەیە لەسەر عەلی زەیدی بۆ هێورکردنەوەی پرۆسەکە، بەڵام سەرۆکوەزیران بڕیاری داوە پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە و ڕاناوەستێت، چونکە گەندەڵی بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر سیستمی سیاسیی وڵات.
سەبارەت بە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ژیانی عەلی زەیدی، عەبودی ئاماژەی بەوە کرد: "بەڵێ زانیاریم لایە سەبارەت بە سەلامەتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵام ڕێگەپێدراو نیم وردەکارییەکەی باس بکەم، چونکە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی ناکات."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕوونیشی کردەوە کە دەستوور بە ڕوونی پێکهێنانی میلیشیای چەکداری قەدەغە کردووە و ڕێگری لە بەکارهێنانی هێز دەکات لە دەرەوەی دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەکان، ئەوەش وا دەکات هەر کەس و گرووپێک لە دەرەوەی ئەو چوارچێوەیە کار بکات، بە نایاسایی هەژمار بکرێت و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگیرێتە بەر.
عەبودی ئەوەشی خستە ڕوو کە لە کاتی گفتوگۆکانیدا لەگەڵ زەیدی، سەرۆکوەزیران پێی وتووە: "لە ئێستادا بەرژەوەندیی عێراق بۆ من باڵاتر و بەنرخترە لەو کاتەی کە تەنیا خاوەن کارێک بووم؛ ئێستا بەرپرسم لە ٤٦ ملیۆن کەس و وڵاتێک کە خاوەنی مێژوو و ناوبانگە، خەڵکیش چاوەڕێم لێ دەکەن ئەو باوکە بم کە لە سەردەمی ئاڵەنگارییەکاندا هاتووم."