دواین هەواڵ

عێراق‌

 11 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهۆی لێدوانەکانی ولایەتییەوە؛ عێراق مەرج بۆ سەردانەکەی زەیدی بۆ تاران دادەنێت

هەرێم نیوز

شرۆڤەکارێکی سەربازیی عێراقی ئاشکرای کرد کە زەیدی سەردانەکەی بۆ تاران هەڵوەشاندووەتەوە و بە بەرپرسانی ئێرانی ڕاگەیەندراوە تاوەکو داوای لێبوردن نەکرێت لەسەر قسەکانی عەلی ئەکبەر ولایەتی، سەردانەکە ئەنجام نادرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی 7ـی 2026، سەرمەد بەیاتی، شرۆڤەکاری سەربازیی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند، بڕیار بووە زەیدی دوای سەردانەکەی بۆ قەتەر بەرەو ئێران بڕوات، بەڵام دوای قسەکانی عەلی ئەکبەر ولایەتی، ڕاوێژکاری ڕابەری باڵای ئێران، بڕیارەکەی گۆڕیوە و گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا.

بەیاتی ئاماژەی بەوە کرد، لایەنی عێراقی بە ڕوونی ئاگاداری ئێرانییەکانی کردووەتەوە کە ئەگەر بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاونەکەنەوە و نەڵێن ئەوە بۆچوونی شەخسیی ولایەتییە، سەردانی تاران ئەنجام نادرێت.

 زانیارییەکان دەریانخستووە کە ڕۆژی دواتر عەباس عەرەقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندی بە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراقەوە کردووە و ڕوونی کردووەتەوە کە قسەکانی ولایەتی گوزارشت لە بۆچوونی فەرمیی تاران ناکات.

ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە دوای ئەوە هات کە عەلی ئەکبەر ولایەتی لە وتارێکدا لە کاتی سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا، ڕەخنەی توندی گرتبوو و زەیدی بە "بێ ئەزموون" و سەردانەکەی بە "شەرمەزاری" وەصف کردبوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP