هەرێم نیوز
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پرسی داماڵینی چەکی گرووپەکان بە دۆسیەیەکی سەروەریی ناوخۆیی دەزانێت و لە سەردانەکەیدا بۆ ئێران باسی ناکات، هاوکات گۆڕانکارییەکی گەورەی لە پەیکەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا کردووە و پێشبینیش دەکرێت گۆڕانکاری لەناو حەشدی شەعبیشدا بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٣ـی ٧ـی ٢٠٢٦، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی «شەرقولئەوسەت»، بڕیارە ئەمڕۆ عەلی زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا بگاتە تاران.
لەم بارەیەوە حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاندووە، سەردانەکە لە وەڵامی بانگهێشتێکی فەرمیی سەرۆککۆماری ئێرانە و تێیدا دۆسیەکانی وزە، بازرگانی، گواستنەوە، کشتوکاڵ و غاز تاوتوێ دەکرێن.
عەبودی جەختیشی کردووەتەوە کە پرسی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە دەست دەوڵەتەوە بابەتێکی سەروەریی عێراقە و لە پایتەختەکانی دیکەدا گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بابەتە بڕیارێکی نیشتمانییە و لە ئەولەویەتەکانی بەرنامەی حکوومەتە.
ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، پێش ئەم سەردانە، زەیدی گۆڕانکاریی گەورەی لە فەرماندە باڵا سەربازییەکاندا کردووە، بەتایبەت لە پەیکەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، کە تێیدا فەریق عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری پێشووی ناوخۆی وەک بەڕێوەبەری نووسینگەکە ڕاسپاردووە و دەسەڵاتێکی فراوانی پێ داوە کە لە سەرووی دەسەڵاتەکانی فەرماندەییی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوەیە.
لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکاندا، فەریق زەید حەوشی لە شوێنی فەریق کەریم تەمیمی وەک سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر دەستنیشان کراوە، هەروەها فەریق محەممەد فەهد کراوەتە فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی و عەمید جەعفەر حوسێن بووەتە فەرماندەی فیرقەی هێزە تایبەتەکان.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە ڕۆژنامەکەیان ڕاگەیاندووە، بەدووری نازانن پرسی داماڵینی چەکی گرووپەکان پاڵنەری سەرەکیی ئەم داڕشتنەوەیەی پەیکەری سەرکردایەتی و دامەزراوە ئەمنییەکان بێت، بەو پێیەی پێشتر هەژموونی ئەو گرووپانە لەناو دەزگا ئەمنییەکاندا فراوان بووە و بووەتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنی چەک بە دەست دەوڵەتەوە.
پێشبینیش دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا عەلی زەیدی، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، گۆڕانکاریی زیاتر لە پۆستە باڵاکانی جێبەجێکردن و سەرکردایەتی لە وەزارەت و دامەزراوە ئەمنییەکاندا بکات، کە ئەگەری بەهێز هەیە حەشدی شەعبیش لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەدا بێت.