دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

لە کابینەی نۆیەمدا 856 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە گوژمەی زیاتر لە 25 ملیار دۆلار جێبەجێ کراون

هەرێم نیوز

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە کابینەی نۆیەمدا 856 پڕۆژەی جۆراوجۆری وەبەرهێنان جێبەجێ کراون، کە تێکڕای سەرمایەی وەگەڕخراو تێیاندا گەیشتووەتە زیاتر لە 25 ملیار دۆلار و زۆرترین پشکی ئەو سەرمایەیەش بۆ کەرتەکانی نیشتەجێبوون و گەشتیاری تەرخان کراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی 7ـی 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا 856 پڕۆژەی جۆراوجۆر لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، کە کۆی گشتیی سەرمایەی پڕۆژەکان دەگاتە (25,298,000,000) دۆلار.

ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرمایەی پڕۆژەکان بەسەر کەرتە جیاوازەکاندا دابەش کراون؛ لە کەرتی نیشتەجێبووندا 102 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار و 527 ملیۆن دۆلار جێبەجێ کراون، لە کەرتی گەشتیاریشدا 118 پڕۆژە بە سەرمایەی حەوت ملیار و 913 ملیۆن دۆلار کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکات لە کەرتەکانی پیشەسازی و بازرگانیدا، 451 پڕۆژە مۆڵەتیان پێ دراوە کە سەرمایەکەیان نزیکەی حەوت ملیار دۆلارە.

بەپێی ئامارەکەی فەرمانگەکە، پڕۆژەکانی دیکە بەسەر کەرتەکانی تەرخانکراو بۆ خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا دابەش کراون، کە بریتین لە 30 پڕۆژەی کشتوکاڵی، 73 پڕۆژەی فێرکردن، و 47 پڕۆژەی تەندروستی. 

لەگەڵ ئەمانەشدا دەیان پڕۆژەی دیکەی تایبەت بە بوارەکانی وەرزش، خزمەتگوزاری، هونەر و بانکەکان بە سەدان ملیۆن دۆلار وەبەرهێنیان تێدا کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP