هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە دەستەواژەی "کردنەوەی دەرگاکانی دۆزەخ"ی بەرامبەر بە ئێران بەکارهێنایەوە و هەڕەشەی ئامانجگرتنی ژێرخان و دامەزراوەکانی ناو تارانی پایتەختی کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی 7ـی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ترووس سۆشیال) مانشێتی بڵاوکراوەیەکی میدیایی دووبارە بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرا بوو دوای کوژرانی سەربازانی ئەمریکا، فەرمانی بە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سینتکۆم) داوە دەروازەکانی دۆزەخ بکاتەوە و هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەستپێبکاتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا جەختی لەوە کردەوە، واشنتۆن وەڵامی سەربازیی ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ هەرچەشنە بە ئامانجگرتنێکی کەشتییەکان لەلایەن ئێرانەوە لە گەرووی هورمزدا.
ترەمپ هۆشداریشی دا کە هەر هێرشێک لە ڕێگەی مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، یان هەر هۆکارێکی دیکەوە ئەنجام بدرێت، ڕووبەڕووی وەڵامی سوپای ئەمریکا دەبێتەوە لە ڕێگەی بۆردومانکردنی پرد و وێستگەکانی کارەبا، کە ڕەنگە ئامانجەکان دامەزراوەکانی ناو شاری تاران و دەوروبەریشی لەخۆبگرێت.