دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

سێنتکۆم یازدەهەمین شەپۆلی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند

هەرێم نیوز

گرژی و پێكدادانە سەربازییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی مەترسیدارترەوە، و هەردوولا هێرشی قورس دەکەنە سەر پێگە و ئامانجە سەربازییەکانی یەکتر لە ناوچەکەدا.

یازدەهەمین شەپۆلی هێرشەکانی سێنتکۆم
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٢ی تەممووزی ٢٠٢٦، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (CENTCOM) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە، هێزەکانیان بەرەبەیانی ئەمڕۆ يازدەهەمین شەپۆلی هێرشە ئاسمانی و موشەکییەکانیان بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران بە سەرکەوتوویی تەواو کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، لەم شەپۆلە نوێیەدا ناوەندەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران، توانا دەریاییەکان، پێگەی فڕۆکەکان، دامەزراوەکانی هەڵگرتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و ژێرخانی لۆجستی سەربازی کراونەتە ئامانج. ئەمریکا ئامانجی ئەم هێرشانەی بۆ لاوازکردنی توانای سەربازیی ئێران گەڕاندووەتەوە، دوای ئەوەی لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا ئێران هێرشی کردووەتە سەر زیاتر لە ٣٠ کەشتیی بازرگانی کە لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕیوون.

وەڵامی ئێران؛ بۆردومانکردنی بنکەی ئەمریکا لە کوەیت
لە بەرانبەردا، سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی وەڵامدانەوەی سەربازیی ئاشکرا کرد. لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا سوپای ئێران ڕایگەیاند، لە قۆناغی ٢١ی ئۆپەراسیۆنی (هەورە بروسکە)، بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، یەکە سەربازییەکانی ئەمریکایان لە کەمپی دەوحە لە وڵاتی کوەیت کردووەتە ئامانج.

سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هێرشە ئاسمانییە وەک وەڵامێک بووە بۆ هێرشە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران، کە تێیدا بڕێکی زۆر لە کۆگاکانی تەقەمەنی و کەرەستەی لۆجستیی ناوەندی فەرماندەیی هێزە زەمینییەکانی سوپای ئەمریکا لە کەمپی دەوحە (کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای کوەیت) بە وردی پێکراون و زیانی قورسیان پێگەیشتووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP