دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

پژاک: کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرشەکانی بۆ سەر هێزە کوردییەکان چڕتر کردووەتەوە.

هەرێم نیوز

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر بە زیادبوونی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هێز و پارتە سیاسییەکانی کوردستان و خەڵکی مەدەنی دەربڕی.

ئەمڕۆ هەینی، ٣ـی ٧ـی ٢٠٢٦، پژاک لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئیمزاکردنی لێکگەیشتننامەی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمەریکا، ئێران هەوڵ دەدات ڕاگرتنی شەڕ وەک دەرفەتێک بۆ توندکردنەوەی سەرکوتکارییەکانی ناوخۆ و دژایەتیکردنی گەلی کورد بەکار بهێنێت.

 پژاک ئاماژەی بەوە داوە کە شەڕی ڕژێم دژی کۆمەڵگاکانی ئێران چووەتە قۆناغێکی خوێناوییەوە و بەنیازە بە سێدارە و تۆقاندن ئیرادەی گەلان تێک بشکێنێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا بە وردی ئاماژە بە چەندین هێرش کراوە، لەوانە هێرشکردنە سەر گەریلاکانی پژاک لە مەریوان، بانە و مەهاباد، کە بووەتە هۆی شەهیدبوونی ٤ گەریلا، هەروەها هەڵکوتانە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە پیرانشار کە بووە هۆی شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگە، لەگەڵ کوژرانی گەنجێکی مەهابادی بە ناوی سیاوەش ئەلەک.

پژاک لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا پێنج خاڵی وەک هەڵوێستی فەرمیی خۆی دیاری کردووە:

بەرگریی ڕەوا: جەخت لەوە دەکەنەوە کە بە دروشمی "بەرخۆدان ژیانە"، بەرگری لە خۆیان و گەلەکەیان بە مافێکی زاتی دەزانن.

سەربەخۆیی فکری: ڕایان گەیاندووە کە تێکۆشانی پارتەکەیان لە چوارچێوەی سەربەخۆیی فکری و کرداریدایە و بانگەشەکانی ئێران سەبارەت بە پەیوەندی بە وڵاتانی دەرەکییەوە ڕەت دەکەنەوە.

هەڵوێستی شەڕ: جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی هێزەکانیان لە پێگەی بەرگریی ڕەوادان و نایانەوێت شەڕ لە ناوچەکەدا پەرە بستێنێت، چونکە پێیان وایە ئێران بە بیانووی شەڕ سەرکوتکارییەکانی خۆی پاساو دەدات.

سەرکۆنەی تیرۆر: هێرشەکان بە نموونەی ئاشکرای تیرۆریزمی دەوڵەتی دەزانن و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهیدانی گەریلا و پێشمەرگە دەکەن.

سیاسەتی تۆقاندن: ئاماژە بەوە دەکەن کە بەکارهێنانی خەڵکی بەکرێگیراو بۆ کۆمەڵکوژی و سووکایەتی بە خەڵک، بەشێکە لە سیاسەتی تۆقاندنی ڕژێم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP