هەرێم نیوز
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەرازووی پێداچوونەوەی خەرجی و داهاتی حەوت ساڵی ڕابردووی (٢٠١٩-٢٠٢٥) بڵاو کردەوە، کە دەردەخات هەرێم لەو ماوەیەدا ڕووبەڕووی کورتهێنانی دارایی بووەتەوە.
بەپێی ئەو داتایانەی لە پەرتووکی کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەدا هاتووە، کۆی گشتی داهاتی ناوخۆی هەرێم (نەوتی و نانەوتی) لەگەڵ تەمویلی حکومەتی فیدراڵی لەو حەوت ساڵەدا ٨٤.٨ ترلیۆن دینار بووە، لە کاتێکدا کۆی خەرجییە کردارییەکان گەیشتووەتە ٨٧.٥ ترلیۆن دینار. ئەمەش دەری دەخات کە بڕی ٢.٧ ترلیۆن دینار کورتهێنانی دارایی هەبووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، سەرچاوەکانی داهات بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:
داهاتی نەوتی: (٢٠١٩ بۆ ئازاری ٢٠٢٣) نزیکەی ٢٢.٥ ترلیۆن دینار، کە ٤٤٪ی داهاتی ناوخۆ و ٢٦٪ی کۆی خەرجییە کردارییەکان پێکدەهێنێت.
داهاتی گومرگ و دەروازەکان: ٩.٥ ترلیۆن دینار، کە ١٩٪ی داهاتی نانەوتی و ١١٪ی خەرجییە کردارییەکانە.
داهاتی باج و خانووبەرە: ٥.٤ ترلیۆن دینار، کە ١١٪ی داهاتی نانەوتی و ٦٪ی خەرجییە کردارییەکانە.
داهاتەکانی تر: ١٣.٨ ترلیۆن دینار، کە ٢٧٪ی داهاتی نانەوتی و ١٦٪ی خەرجییە کردارییەکانە.
وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە کە کۆی داهاتی نەوتی و نانەوتی تەنها ٥٩٪ی خەرجییە کردارییەکانی پڕ کردووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم قەبارەی کورتهێنانە مووچە نەدراوەکان، قەرزی بەڵێندەران و شایستەکانی کۆمپانیاکانی کارەبا ناگرێتەوە، کە ئەگەر ئەوانە هەژمار بکرێن، ڕێژەی کورتهێنانەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزتر دەبێت.