هەرێم نیوز
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە بەهۆی جێبەجێکردنی سیستمی نوێی گومرگیی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA) و قەیران و ململانێ سیاسییەکانی ناوچەکەوە، جووڵەی بازرگانی و ئاستی پێدانی مۆڵەتەکانی هاوردەکردن لەمساڵدا پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، نەوزاد شێخ کامیل لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر بەربەستەکانی بەردەم کەرتی بازرگانی لە هەرێم و ئاماژەی بەوە کرد، سیستمی ئەسیکۆدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خێرایی و ئاسانکاریی هاتوچۆی کاڵاکان لە مەرزەکاندا هەبووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی مۆڵەتە گشتییەکانی هاوردەکردن بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی ئاماری فەرمیی چالاکییەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـی خستە ڕوو، کە بەم شێوەیەی خوارەوە بوون:
تۆمارکردنی 155 مۆڵەتی هەناردەکردنی بازرگانی.
پێدانی 333 مۆڵەتی تایبەتی هاوردەکردن (کە 352 هەزار ئۆتۆمبێل و 62 ئۆتۆمبێلی کلاسیک لەخۆدەگرێت).
پێدانی 1038 مۆڵەتی گشتیی هاوردەکردنی بازرگانی، کە بەهۆی ئاستەنگە تەکنیکییەکانی سیستمی نوێی گومرگەوە کەمیکردووە.
سەبارەت بە پرسی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران، ناوبراو ڕوونکردنەوەی دا کە پرۆسەکە لە مانگی ئایاری ڕابردووەوە بەردەوامە و تا ئێستا 277 هەزار تۆن گەنم لە کۆی ئەو 400 هەزار تۆنەی بەغدا بۆ هەرێمی دیاری کردووە وەرگیراوە، کە بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکاندا دابەش بووە: پارێزگای دهۆک 96 هەزار تۆن، هەولێر و قەزای گوێڕ 94 هەزار تۆن، و پارێزگای سلێمانی 86 هەزار تۆن.
نەوزاد شێخ کامیل مژدەی بە هاوڵاتیان دا کە ئێستا کار لەسەر دابەشکردنی بەشەئاردی چوارەم دەکرێت و لە هەفتەی داهاتووەوە دەست بە دابەشکردنی بەشەئاردی پێنجەم و بەشەخۆراکی چوارەم دەکرێت، پرۆسەی نوێکردنەوەی فۆرمی دۆسیەی خۆراکیش (کارتی تموینی) بۆ زیادکردنی منداڵانی تازەلەدایکبوو و جیاکردنەوەی خێزانەکان بەردەوامە.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی جەختی لەسەر توندکردنەوەی چاودێریی بازاڕەکان کردەوە و ڕایگەیاند، تیمەکانیان لە شەش مانگی ڕابردوودا 24 هەزار و 746 بەسەرکردنەوەی مەیدانییان ئەنجامداوە، کە بەهۆیانەوە دەست بەسەر 111 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوودا گیراوە و سەرجەمیان لەناو براون.