هەرێم نیوز
هێمن هەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ک) پەیامێکی توند ئاراستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەکات و ڕادەگەیەنێت، کە ئەگەر پێیان وایە هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە، پێویستە لە ڕۆژانی داهاتوودا بێنە پێشەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی تەممووزی 2026، هێمن هەورامی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) نووسیویەتی: "تەنها سەرچاوەی شەرعی بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، دەنگی گەلەکەمانە لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتی، ئازاد، بێگەرد و شەفافدا."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بە ئەنجامەکانی کۆتا هەڵبژاردن کردووە و دەڵێت: "هەر لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان زیاتر لە 400 هەزار دەنگمان لە پێش هەردوو لایەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی.ن.ک) و نەوەی نوێوە بوو پێکەوە لە هەرێمی کوردستاندا."
هێمن هەورامی لە درێژەی پەیامەکەیدا ڕکابەرە سیاسییەکانی ڕووبەڕووی دانیشتنی پەرلەمان کردووەتەوە و نووسیویەتی: "کەواتە ئەگەر ئەوان پێیان وایە هاوسەنگیی هێز گۆڕاوە، بۆچی ناوێرن لە ڕۆژانی داهاتوودا لەگەڵمان بێنە پێشەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان لە زووترین کاتدا؟ ئەگەر هەردوولایان پێیان وایە کورسییەکانیان یەکسانە یان زیاترە لە پارتی، بۆچی بە ڕاستگۆیی نایەنە پێشەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و گفتوگۆکردن لەسەر هەموو دۆسیەکان لە ناو هۆڵی پەرلەماندا؟"