دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

دەستەی مافی مرۆڤ: "غەزال مەولان" بەهۆی کەمتەرخەمیی تەندروستی و ئەمنییەوە گیانی لەدەستداوە

هەرێم نیوز
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە گیانلەدەستدانی "غەزال مەولان" ڕادەگەیەنێت و جەخت دەکاتەوە کە بەهۆی کەمتەرخەمیی نەخۆشخانەکان و لایەنی ئەمنییەوە ژیانی کۆتایی هاتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 4ـی 2026، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، غەزال مەولان (تەمەن ١٨ ساڵ) کە بەهۆی هێرشی درۆنی حکومەتی ئێران لە سنووری سلێمانی بریندار ببوو، دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، بە بیانووی "نەبوونی پێداویستی" و "نەبوونی مۆڵەتی پۆلیس"، چارەسەری بۆ نەکراوە تاوەکو گیانی لەدەستداوە.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، جێگەی داخی زۆرە کە تەنانەت ڕێگری لە ئەنجامدانی مەراسیمی شوشتن و کفنکردنی لە مزگەوتەکان کراوە، کە ئەمەش "پێچەوانەی تەواوی بنەما عورفی و ئایینییەکانە".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دەستەی مافی مرۆڤ داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا لە (سەرۆکایەتی داواکاری گشتی، وەزارەتی تەندروستی و لایەنی ئەمنی) دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ڕووداوەکە و حەواڵەکردنی کەمتەرخەمان بۆ دادگا.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP