دواین هەواڵ

جیهان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

وردەکاریی چۆڵکردنی بنكەی ئاسمانیی "قەسرەك" لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەكانەوە

هەرێم نیوز
هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە شێوەیەكی كتوپڕ بنكەی ئاسمانیی (قەسرەك)یان لە گوندەواری پارێزگای حەسەكە چۆڵكرد و سوپای سووریاش دەستبەجێ بنكەكەی وەرگرت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 4ـی 2026، سەرچاوە هەواڵییەکان لە ڕۆژئاوای كوردستان وێنەی چۆڵكردنی بنكەی ستراتیژیی "قەسرەك"یان بڵاوكردەوە كە دەكەوێتە گوندەواری حەسەكە.

بەپێی زانیارییەكان، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوای كۆكردنەوەی كەلوپەلە سەربازییەكانیان، بنكەكەیان جێهێشتووە و هێزەكانی سوپای سووریا هاتوونەتە ناو بنكەكە و تێیدا جێگیر بوون.

تاوەكو ئێستا فەرماندەیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هۆكاری ئەم كشانەوەیەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام ئەم هەنگاوە وەك گۆڕانكارییەكی نوێ لە هەماهەنگییە سەربازییەكانی ناوچەكە و ڕێككەوتنە تەمومژاوییەكانی نێوان هێزە كاریگەرەكانی ناو خاكی سووریا لێكدەدرێتەوە.

بنكەی قەسرەك یەكێك بوو لەو خاڵە گرنگانەی كە هاوپەیمانان بۆ چاودێری و ئۆپەراسیۆنەكانیان لە ناوچەكەدا بەكاریان دەهێنا.

ئەم پێشهاتە لە كاتێكدایە كە ناوچەكە بە دۆخێكی ناجێگیری ئەمنیدا تێدەپەڕێت و هێرشە درۆنییەكان بۆ سەر كەمپ و بنكەكان زیادیان كردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP