دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

واشنتن داوا لە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل دەکات بەشداری لە پیشەسازیی چەکدا بکەن

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی ڕایدەگەیەنێت، کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەیەوێت کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل و پیشەسازییەکانی دیکە، ڕۆڵێکی گەورەتر لە پیشەسازیی چەک و تەقەمەنیدا بگێڕن، هاوکات کۆشکی سپیش داوای بودجەیەکی سەربازیی زەبەلاح دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 4ـی 2026، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کە بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) گفتوگۆیان لەگەڵ بەڕێوەبەرە جێبەجێکارەکانی کۆمپانیاکانی وەک (جەنەڕاڵ مۆتۆرز) و (فۆرد مۆتۆر) کردووە، بەمەبەستی بەرهەمهێنانی چەک و پێداویستییە سەربازییەکان.

 ڕۆژنامەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، کە ئەو گفتوگۆیانە پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران دەستیان پێ کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی پنتاگۆن بە ئاژانسی (ڕۆیتەرز)ی ڕاگەیاندووە، کە وەزارەتی بەرگری پابەندە بە خێرا فراوانکردنی بنکەی پیشەسازیی بەرگری، ئەوەش لە ڕێگەی سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیا و چارەسەرە بازرگانییەکان، بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا باڵادەستییەکی یەکلاکەرەوە دەپارێزن.

هاوکات ڕاسڵ ڤۆت، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەڕێوەبردن و بودجە لە کۆشکی سپی، لەبەردەم لیژنەی بودجەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادە بوو بۆ تاوتوێکردنی بودجەی پێشنیارکراوی ترەمپ بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢٧.

پێشنیارەکە زیادکردنی ٥٠٠ ملیار دۆلار لە خەرجییە سەربازییەکان (کە کۆی گشتی دەگاتە ١.٥ تریلیۆن دۆلار) و کەمکردنەوەی ١٠٪ لە بەرنامە مەدەنییەکان لەخۆ دەگرێت.

 ڤۆت لە دانیشتنەکەدا ڕایگەیاند، کە تاوەکوو ئێستا ناتوانن تێچووی جەنگ لەگەڵ ئێران بخەمڵێنن و هێشتا کار لەسەر دیاریکردنی پێداویستییەکان دەکەن.

ئەم داواکارییانەی کۆشکی سپی ڕووبەڕووی ڕەخنەی یاسادانەرانی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری بووەتەوە.

جەنگی ئەمریکا و ئێران کە لە ٢٨ـی شوباتەوە دەستی پێ کردووە، بووەتە جێگەی مشتومڕ لە کۆنگرێس، بەتایبەتی دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو داواکارییەکی سەرەتایی بۆ تەرخانکردنی ٢٠٠ ملیار دۆلاری زیادە بۆ جەنگەکە، ڕووبەڕووی دژایەتییەکی توند بووەوە.

پێشتریش ترەمپ لە مانگی ئاداردا لەگەڵ بەڕێوەبەرانی حەوت کۆمپانیای بەڵێندەری بەرگری کۆبووەوە بۆ پڕکردنەوەی جێگەی ئەو چەکانەی لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دیکەدا بەکار هێنراون.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP