دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

بارزانی: بەهیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین یاری بە چارەنووسی کەرکووکییەکان بکرێت

هەرێم نیوز

 بارزانی لە دیدارێکدا لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت، کە هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لە ململانێ سەربازییەکانی ناوچەکە، هاوکات دووپاتیشی دەکاتەوە کە دژی ڕێککەوتنەکانی هۆتێل ڕەشیدن سەبارەت بە پرسی کەرکووک.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 4ـی 2026، بارزانی پێشوازیی لە مەکسیم ڕووبین، کونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر کرد. لە دیدارەکەدا کونسوڵی ڕووسیا وێڕای جەختکردنەوە لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان مۆسکۆ و هەولێر، پێزانینی بۆ هەڵوێستی هاوسەنگی هەرێمی کوردستان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە هەبوو، هەروەها ڕایگەیاند، کە وڵاتەکەی بایەخێکی زۆر بە پێگە و کاریگەریی بارزانی دەدات و خوازیارە بۆچوونەکانی لەبارەی پێشهاتەکانەوە بزانێت.

لای خۆیەوە بارزانی، ئاماژەی بە دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە دا و ڕایگەیاند، کە هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک لەگەڵ بوونی شەڕ و گرژیدا نەبووە و پێی وایە کێشەکان بە ململانێی سەربازی چارەسەر نابن، بەڵکوو دەبێت لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە یەکلا بکرێنەوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە هەرێم بەشێک نییە لە شەڕەکانی ناوچەکە، بەڵام سەرەڕای ئەو هەڵوێستە ڕوونە، بەهۆی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانەوە ژمارەیەک هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەست داوە و بریندار بوون.

سەبارەت بە پرسی کەرکووک، بارزانی ڕوونیکردەوە، کە کەرکووک دەبێت ببێتە نموونەی پێکەوەژیان و برایەتیی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان، و ئاماژەی بەوەش دا کە زۆرجار حیزبەکەی لەپێناو پێکهاتەکانی دیکەدا قوربانیی بە دەستکەوتەکانی داوە. لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە، کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نین لە ڕێگەی درێژەپێدان بە "سەفقە گوماناوییەکانی هۆتێل ڕەشید"، یاری بە ئیرادەی دەنگدەران و چارەنووسی کەرکووکییەکان بکرێت.

دەقی راگەیەنراوی بارەگای بارزانی:

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی ڕووسیا لە هەولێر دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 16ی نیسانی 2026 سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز ماكسیم ڕۆبین كونسوڵی گشتیی ڕووسیا لە هەولێر كرد.

لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتی ڕووسیا وێڕای جەختكردنەوە لە پەیوەندی قووڵ و ستراتیژ و درێژخایەنی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان، پێزانینی بۆ هەڵوێستی هاوسەنگی هەرێمی كوردستان و پاراستنی سەقامگیری هەبوو و ڕاشیگەیاند ڕووسیا بایەخێكی زۆر بە پێگە و كاریگەریی سەرۆك بارزانی دەدات و هیوای خواست پەیوەندییەكانی نێوان ڕووسیا و هەرێمی كوردستان گەشەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. هەروەها ڕوانگەی وڵاتەكەی لەبارەی گۆڕانكاریی و ڕووداوەكانی ناوچەكە خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا كە ڕووسیا خوازیارە بۆچوونی سەرۆك بارزانی لەبارەی ڕووداو و پێشهاتەكانی ناوچەكە بزانێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانیش جەختی لە قووڵكردنەوەی پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڕووسیا كردەوە. هەروەها ئاماژەی بە دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە دا و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان هیچ كات لەگەڵ بوونی شەڕ و گرژیدا نەبووە و پێیوایە هیچ كێشەیەك لەڕێگەی شەڕ و ململانێیی سەربازی چارەسەر نابێت و دەبێ گرفتەكان لەڕێگەی دانوساندن و دیپلۆماسیەوە چارەسەر بكرێن. هەورەها هەرێمی كوردستان هیچ كات بەشێك نەبووە و بەشێك نابێت لەو شەڕ و تێكهەڵچوونانەی لە ناوچەكەدا هەیە و پشتیوانی لە هیچ جموجۆڵی سەربازی و شەڕێك لە ناوچەكەدا نەكردووە. بەڵام بەداخەوە سەرباری ئەو هەڵوێستە ڕوون و ئاشكرایەش زوڵمێكی زۆر لە هەرێم كراوە و بەهۆی پەلاماری بەرفراوانی مووشەكی و درۆنییەوە ژمارەیەك هاووڵاتیی هەرێم شەهید و بریندار بوونە.

لەبارەی پرسی پارێزگای كەركووك سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە ئێمە پێمانوایە كەركووك دەبێ ببێتە شارێك كە نموونەی پێكەوەژیان و برایەتیی پێكهاتەكان بێت و پارتی هەمیشە لەگەڵ مافی هەموو پێكهاتەكان بووە و زۆرجار لەپێناو پێكهاتەكان و خەڵكی تر لە مافی خۆی خۆش بووە و قوربانی بە دەستكەوتەكانی داوە. سەرۆك بارزانی ئەوەشی دووپات كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەوەدا نین كە لەڕێگەی درێژەپێدان بە سەفەقاتی گوماناویی فندەق ڕەشید یاری بە ئیرادەی دەنگدەرانی كەركووك و چارەنووسی كەركووكییەكان بكرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP