هەرێم نیوز
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، کە بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکە و داخرانی ئاسمانی عێراق، گەشتی حەجی ئەمساڵی حاجیانی کوردستان هاوشێوەی عێراق تەنیا لە ڕێگەی وشکانییەوە دەبێت و هەوڵی قەرەبووکردنەوەشیان دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ـی 4ـی 2026، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و مسۆگەرکردنی چوونی حاجیانی کوردستان بۆ عەرەبستانی سعوودیە، لەگەڵ دەستەی باڵای حەجی عێراق گەیشتوونەتە ڕێککەوتن کە گەشتی حەجی ئەمساڵ تەنیا بە ڕێگەی وشکانی بێت.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە حاجیانی هەرێمی کوردستان دەست بە گەشتەکانیان بکەن، و لە ڕۆژانی داهاتووشدا بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق، شێواز و ڕێکارەکانی چوونەکە ڕێکدەخرێت و بە فەرمی بڵاو دەکرێتەوە.
سەبارەت بە پرسی قەرەبووکردنەوەی حاجیانیش، وەزارەتی ئەوقاف ڕوونیکردووەتەوە، لەبەر ئەوەی پێشتر بڕیار بوو گەشتەکان ئاسمانی بن، بەڵام بەهۆی داخرانی فڕۆکەخانەکانەوە گۆڕدراون بۆ وشکانی، هەموو هەوڵێک دەدەن تاوەکوو لە ڕێگەی دەستەی باڵای حەجی عێراقەوە قەرەبووی ئەو جیاوازییە بکەنەوە و مافی هاووڵاتییان بگەڕێننەوە.
جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئامادەکارییەکان تەواو بوون و ڕێنماییە نوێیەکانیش لە داهاتوویەکی نزیکدا دەردەکرێن.