هەرێم نیوز
ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە واشنتن و تاران تاوتوێی درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوانیان بۆ دوو هەفتەی دیکە دەکەن، بە مەبەستی ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ دانوستانەکانی ئاشتی.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی 4ـی 2026، بلومبێرگ لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، ئەو ئاگربەستەی ئێستا لە نێوان هەردوولادا هەیە و بڕیارە سێشەممەی داهاتوو کۆتایی بێت، ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە.
ناوبژیوانەکان کار دەکەن بۆ ڕێکخستنی گفتوگۆی تەکنیکی سەبارەت بە پرسە ئاڵۆزەکانی وەک کردنەوەی گەرووی هورمز و دۆسیەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران، کە دوو خاڵی سەرەکین لە ململانێکاندا.
ئەم هەوڵە نوێیە دوای ئەوە دێت کە خولێکی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد بەبێ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی کۆتایی هات، بەڵام پەیوەندییە ناڕاستەوخۆکان هێشتا بەردەوامن.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" هەڵوێستێکی توندی نیشان دا و ڕایگەیاند، درێژکردنەوەی ئاگربەست بە پێویست نازانێت و جەختی لەوە کردەوە کە کاتەکە بەرەو تەواوبوون دەچێت.
ئەم لێدوانەی ترەمپ فشارێکی زۆری خستووەتە سەر تیمە دانوستانکارەکان تاوەکو پێش ڕۆژی سێشەممە بگەنە ئەنجامێکی بەرجەستە.