هەرێم نیوز
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی ئاشکرای دەکات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی مەبدەئی ڕێککەوتوون بۆ ئەنجامدانی گەڕێکی دیکەی دانوستانەکان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی 4ـی 2026، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، سەرەڕای گرژییە دەریاییەکان و فشارە ئابوورییەکان، هەردوو لایەنی ئەمریکی و ئێرانی گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی دووبارە بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، تاوەکو ئێستا کات و شوێنی بەڕێوەچوونی ئەم گەڕە نوێیەی دانوستانەکان دیاری نەکراوە، بەڵام ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی ناوچەکە هەژمار دەکرێت.
ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەنگۆی شکستی دانوستانەکان بەهۆی مەرجەکانی ترەمپەوە بڵاوکرابووەوە، بەڵام پێدەچێت لایەنەکان نەیانەوێت دەرگای دیپلۆماسی بە تەواوەتی دابخەن.