دواین هەواڵ

جیهان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

ناتانیاهۆ: سوپا خەریکی کۆنترۆڵکردنی "بنت جبەیل"ە و ناوچەی ئەمنی لە باشووری لوبنان بەهێزتر دەکەین

هەرێم نیوز

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بۆ هەموو سیناریۆیەک و ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران ئامادەیە و جەختیشی کردەوە کە ئامانجەکانیان لەگەڵ واشنتن بۆ لەناوبردنی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی تاران یەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی 4ـی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ لە لێدوانێکی نوێدا ڕایگەیاند، فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە بەردەوام بن لە بەهێزکردنی ناوچەی ئەمنی لە باشووری لوبنان و ئاشکراشی کرد کە هێزەکانیان نزیکن لە کۆنترۆڵکردنی ناوچەی ستراتیژیی "بنت جبەیل".

سەبارەت بە دانوستانەکانیش، ناتانیاهۆ گوتی: "چل ساڵە دانوستان لەگەڵ لوبنان نەکراوە، ئێستاش کە ڕوو دەدات چونکە ئێمە بەهێزین." ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی سەرەکییان لە دانوستانەکان داماڵینی چەک لە حیزبوڵا و دامەزراندنی ئاشتییەکی بەردەوامە لە ناوچەکەدا.

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ هاوکاتە لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە دەریاییەکان و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران، بەڵام ئیسرائیل هێشتا بژاردەی سەربازی وەک مەرجی سەرەکی بۆ ڕێگریکردن لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەبینێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP