دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەکسیۆس: ئەمریکا و ئێران لە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیک دەبنەوە

هەرێم نیوز

پێگەی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵاوە ڕایدەگەیەنێت، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیک بوونەتەوە، بەڵام ئاشکراشی دەکات کە واشنتن هێشتا بە فەرمی ڕازی نەبووە ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ـی 4ـی 2026، پێگەی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، کە واشنتن و تاران خەریکە دەگەنە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی بۆ ئەوەی کۆتایی بەو جەنگ و ئاڵۆزییانە بهێنن کە لە نێوانیاندا دروست بووە.

سەرچاوەکان بە پێگەکەیان ڕاگەیاندووە، کە سەرەڕای ئەو پێشڤەچوونانە، هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی ڕازی نەبووە کە ماوەی ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە، بەڵام پەیوەندی و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو لایەن بەردەوامن.

لە بەشێکی دیکەی زانیارییەکاندا هاتووە، کە بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازییە بنەڕەتی و قووڵەکانی نێوان تاران و واشنتن، هێشتا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بەتەواوی گەرەنتی نەکراوە.

هەروەها جەخت لەوەش کراوەتەوە، کە ئەگەر بێتو ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی لە نێوانیاندا بکرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ ئاگربەستەکە درێژ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی دەرفەت هەبێت دانوستان لەسەر سەرجەم وردەکارییەکانی ڕێککەوتنێکی گشتگیر و هەمیشەیی بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP