دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ترەمپ: شەڕی ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت و ئاگربەستیش درێژ ناکەمەوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی ئەمریکا وردەکاریی نوێ لەسەر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژی تاران ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئەگەر دەستوەردانی سەربازی نەبوایە ئێستا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی بوو، جەختیش دەکاتەوە کە پێویستی بە درێژکردنەوەی ئاگربەست نییە.

پووچەڵکردنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکە:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند، کردەوە سەربازییەکانی ئەم دواییە بووە هۆی پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی ئێران بۆ دەستخستنی چەکی ئەتۆمی لە دوا ساتەکاندا. وتیشی: "ئەگەر من سەرۆک نەبوایە، جیهان پارچە پارچە دەبوو."

کۆتایی شەڕ و وێرانکارییەکان:
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژی ئێران لە کۆتایی نزیک بووەتەوە، بەڵام هێشتا بە تەواوی کۆتایی نەهاتووە و ڕۆژانی داهاتوو ڕەوتی ڕووداوەکان دیاری دەکەن. 
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە قەبارەی زیانەکان کرد و وتی: "تاران پێویستی بە نزیکەی ٢٠ ساڵە بۆ ئەوەی سەرلەنوێ وڵاتەکەی ئاوەدان بکاتەوە."

ڕەتکردنەوەی درێژکردنەوەی ئاگربەست:
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی دیکەدا بۆ کەناڵی "ABC News" ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: "بیر لە درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ناکەمەوە و بە پێویستیشی نازانم." بە بڕوای ترەمپ، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ باشترین بژاردەیە، چونکە ئەوە تاقە ڕێگەیە کە ڕێگە بە ئێران دەدات دەست بە ئاوەدانکردنەوە بکاتەوە.

دوورخستنەوەی توندڕەوەکان:
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئێستا سیستەمی فەرمانڕەوایی لە ئێران گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و ئەوان توانیویانە "توندڕەوەکان" دوور بخەنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێرانییەکان ئێستا خواستێکی زۆریان هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ واشنتن بگەنە ڕێککەوتن، چونکە بارودۆخی وڵاتەکەیان ڕێگەی تریان پێنادات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP