دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

مەسرور بارزانی جەژنی سەری ساڵ لە ئێزیدییەکان پیرۆز دەکات

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییەکانەوە، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی خوشک و برایانی ئێزیدی لە کوردستان و جیهان دەکات و ڕایدەگەیەنێت، حکومەت بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ماف و داخوازییەکانیان.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە، ١٥ی نیسانی ٢٠٢٦، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: "بەبۆنەی سەری ساڵی ئێزیدییان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی خوشک و برایانی ئێزیدی لە کوردستان و جیهان دەکەم. هیوادارم ئەم جەژنە لە کەشێکی پڕ لە ئاشتی و تەناهیدا بەسەر ببەن."

سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەیدا جەختی لە هەڵوێستی فەرمیی کابینەکەی کردەوە و وتی: "بە بەم بۆنەیەوە دووپاتی پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ماف و داخوازییەکانی خوشک و برایانی ئێزیدی دەکەینەوە."

مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا هیوای خواست ئێزیدییەکان هەمیشە لە خۆشی و شادییدا بژین و جەژنەکەیان لێ پیرۆز بێت.

ئەم پەیامە لە کاتێکدایە کە ساڵانە لە چوارشەممەی یەکەمی مانگی نیسان (بەپێی ڕۆژژمێری ڕۆژهەڵاتی)، ئێزیدییەکان جەژنی "سەری ساڵ" یان "چوارشەممە سوور" بەرز ڕادەگرن و وەک جەژنێکی نەتەوەیی و ئایینی دێرین یادی دەکەنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP