هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕیارێکی توندی دژی تاران دەرکرد و ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆوە گەمارۆی دەریایی دەخرێتە سەر سەرجەم بەندەرەکانی ئێران و ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتەکەیان دەکرێت.
کەی گەمارۆکە دەستپێدەکات؟
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، گەمارۆکە لە کاتژمێر ١٠:٠٠ـی بەیانی بە کاتی کەناراوەکانی ڕۆژهەڵات (کە دەکاتە کاتژمێر ٥:٠٠ی ئێوارە بە کاتی هەرێمی کوردستان) دەستپێدەکات. ئەم ڕێکارە تەواوی ئەو کەشتیانە دەگرێتەوە کە دەچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان لێی دەردەچن.
ترەمپ لە بنکەی "ئەندرۆس" لە میریلاند بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "گەمارۆی دەریایی چالاک دەکرێت و ئێران ناتوانێت نەوت بفرۆشێت، ئێمە کار بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەکەین و ئێران بێهیوا بووە."
سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی تاران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دوای شکستی دانوستانەکانی پاکستان، ترەمپ بە بێباکییەوە وتی: "نازانم و بۆ من گرنگ نییە بگەڕێنەوە یان نا، من زۆر باشم." جەختیشی کردەوە کە بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
ترەمپ لە لێدوانەکانیدا ڕەخنەی توندی لە هاوپەیمانی ناتۆ گرت و وتی: "ترلیۆنەها دۆلارمان داوە بە ناتۆ، کەچی لەم ململانێیەدا لە تەنیشتمان نەوەستان."
ئەم بڕیارە نوێیەی واشنتن وەک وەڵامێکی خێرا دەبینرێت بۆ نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران لە دانوستانەکانی ئەم دواییەدا، کە چاوەڕوان دەکرێت ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و گەرووی هورمز بگەیەنێتە ئاستێکی مەترسیدار.