هەرێم نیوز
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی دژایەتی وڵاتەکەی بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی بەسەر ئێراندا ڕاگەیاند و دەڵێت: "ئەم هەنگاوە باروگوزەرانی خەڵک خراپتر دەکات."
کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕادیۆی "بی بی سی ٥ لایڤ" ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک پشتیوانی لە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی گەمارۆی سەربازی بەسەر گەرووی هورمز و بەندەرەکانی ئێراندا ناکەن.
ستارمەر جەختی لەوە کردەوە کە بەریتانیا لەبری گەمارۆ، کار بۆ "کردنەوەی گەرووی هورمز" دەکات و وتی: "تەنها بە کردنەوەی ئەو گەرووە دەتوانین نرخی وزە دابەزێنین و بارودۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکەین، گەمارۆدانی پێچەوانەی ویستی ئێمەیە."
سەبارەت بەوەی ئایا ئەم هەنگاوەی ترەمپ "تۆڵەکردنەوەیە" لە لەندەن و برۆکسل بەهۆی پشتیوانی نەکردنی پێشووتر لە ئەمریکا، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا خۆی لە وەڵامێکی ڕاستەوخۆ دزییەوە، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە گرنگترین شت کۆکردنەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.
ئەم لێدوانەی ستارمەر لە کاتێکدایە کە بڕیارە لە مانچستەر قسە بۆ هاووڵاتییان بکات سەبارەت بە گرانبوونی تێچووی ژیان. چاودێران پێیان وایە بەریتانیا دەترسێت گەمارۆدانی گەرووی هورمز ببێتە هۆی بازدانی نرخی سووتەمنی و زیاتر تێکچوونی باری دارایی هاووڵاتییانی وڵاتەکەی.