هەرێم نیوز
پاپای ڤاتیکان دوای هێرشە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەری، بێدەنگی شکاند و ڕایگەیاند، نامەوێت بکەومە ناو مشتومڕ و وەڵام و وەڵامدانەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، چونکە ئەرکی ئەو تەنها بانگەوازە بۆ ئاشتی.
وەڵامێک بۆ ترەمپ:
پاپا لیۆی چواردەیەم، پاپای ڤاتیکان، ئەمڕۆ دووشەممە لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی "ڕۆیتەرز" وەڵامی ڕەخنەکانی دۆناڵد ترەمپی دایەوە و وتی: "نامەوێت وەک سیاسییەک ڕۆڵ ببینم و بکەومە ناو وەڵام و وەڵامدانەوە، بەڵام بەردەوام دەبم لە سەرکۆنەکردنی جەنگ لە هەموو جیهاندا."
ترەمپ: پاپایەکم ناوێت پشتیوانی ئێران بکات
ئەم ئاڵۆزییە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی "تروس سۆشیال" هێرشی کردە سەر پاپا و نووسیبووی: "سەرسام نیم بەم پاپایە، پاپایەکم ناوێت کە بیەوێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." ئەم هەڵوێستەی ترەمپ وەک کاردانەوەیەک بوو بۆ وتارەکەی ڕۆژی شەممەی پاپا کە تێیدا داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ، خۆپەرستی و "پارەپەرستی" کردبوو.
بانگهێشتکردنی نوێنەری ڤاتیکان بۆ پەنتاگۆن:
هاوکات لەگەڵ ئەم لێدوانانە، دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پەنتاگۆن) نوێنەری ڤاتیکانی لە واشنتن بانگهێشت کردووە و بەهۆی قسەکانی پاپاوە "سەرزەنشت" کراوە. سەرەڕای ئەوەی پەنتاگۆن و ڤاتیکان بە فەرمی ئەم هەواڵە ڕەت دەکەنەوە، بەڵام میدیا جیهانییەکان لە زاری سەرچاوەکانیانەوە جەخت لە ڕوودانی ئەو کۆبوونەوەیە دەکەنەوە.
ئەم پێکدادانە زارەکییەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و پاپای ڤاتیکان، ئاماژەیەکی دیکەیە بۆ قووڵبوونەوەی جیاوازییەکانی واشنتن لەگەڵ ناوەندە ئایینی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.