هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە هەولێر و بەهۆیەوە دوو پاسەوان بریندار بوون، هاوکات داواش لە حکومەتی عێراق دەکات ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ شەممە 14ـی 3ـی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە کە بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە ئەمڕۆ کرایە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر، کە بەهۆی ئەو دەستدرێژییەوە دوو پاسەوانی کونسوڵخانەکە بریندار بوون و زیانێکی بەرچاویش بە باڵەخانەی شوێنەکە گەیشتووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ بریندارەکانی ئەو هێرشە خواستووە، بە توندی دووپاتی کردووەتەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆی بۆ پاراستنی سەرجەم نێردە دیپلۆماسییەکان جێبەجێ بکات و ڕێگریی تەواو لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بكات.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆکایەتیی هەرێم داوای لە بەغدا کردووە کە بە زووترین کات ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە بدۆزێتەوە و ڕووبەڕووی سزای یاساییان بکاتەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەی کە چیتر ئاسایش و سەقامگیری و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات لەلایەن ئەو گرووپانەوە نەکەونە مەترسییەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە "تیرۆریستییە ترسنۆکانەی" کرد کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کرایە سەر کونسوڵخانەکەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئاماژەی بەوە دا، ئەمە دووەم جارە لە ماوەی یەک هەفتەدا هێرش دەکرێتە سەر کونسوڵخانەیان لە هەرێمی کوردستان.
روونیشی کردەوە، هێرشەکەی ئەمجارە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کارمەندی ئەمنی و زیانی گەورەش بە باڵەخانەی کونسوڵخانەکە گەیشتووە.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هەوڵی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەروەها کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەدەن.
سەرجەم ئەو هێرشانەی کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە کردوویانەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان تێکشکێنراون، هێرشەکانیش زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.