هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە ئاگادارییەکدا سەرجەم بازرگانان، کۆمپانیاکان، هاوردەکاران، هەناردەکاران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردەوە کە لە سبەینێ یەکشەممەوە، ١٥ی ئازاری ٢٠٢٦، دەروازەکە بە ڕووی هاتووچۆدا دەکرێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، بڕیاری کردنەوەی دەروازەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەروازەی گومرگی "تەمەرچین"ی لایەنی ئێران دراوە. بەمەش جموجۆڵی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاری لە نێوان هەردوولا وەک پێشتر ئاسایی دەبێتەوە و کاراکردنەوەی دەروازەکە هەموو سێکتەرەکان دەگرێتەوە.
داخرانی دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، دوای هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هات. بەهۆی تێکچوونی باری ئەمنی و مەترسییەکانی سەر سنوور، جموجۆڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان بۆ ماوەیەک ڕاگیرابوون، بەڵام بڕیاری کردنەوەی دەروازەی حاجی ئۆمەران وەک ئاماژەیەک بۆ هێوربوونەوەی ڕێژەیی دۆخەکە لەو ناوچە سنوورییانە دەبینرێت.