هەرێم نیوز
حکومەتی هەرێمی کوردستان بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشە "تیرۆریستی"ـیەکەی سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە هەولێر دەکات و داواش لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات کە بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت.
ئەمڕۆ شەممە 14ـی 3ـی 2026، حکومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاویکردەوە کە بە توندترین شێوە هێرشکردنە سەر کونسوڵخانەی گشتیی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر و هەموو ئەو هێرشانەش شەرمەزار دەکەن کە دەکرێنە سەر خاک و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و نێردە دیپلۆماتییەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەیەی دەکرێتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان، پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمە و بە هیچ جۆرێک پاساو هەڵناگرێت، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیارێتیی یاسایی خۆی هەڵبگرێت و سنوورێک بۆ ئەو هێز و گرووپە میلیشیا لەیاسادەرچووانە دابنێت.
حکومەتی هەرێم جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئەو میلیشیایانە بوونەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە و مەترسیدار بۆ سەر ژیانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی، چونکە لە ئەنجامی پەلامار و هێرشە ناڕەواکانیاندا دەیان کەسی بێتاوان بوونەتە قوربانی و زیانێکی زۆری ماددیش بە تەواوی ناوچەکە کەوتووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات، لە راگەیەنراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە "تیرۆریستییە ترسنۆکانەی" کرد کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) کرایە سەر کونسوڵخانەکەیان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ئاماژەی بەوە دا، ئەمە دووەم جارە لە ماوەی یەک هەفتەدا هێرش دەکرێتە سەر کونسوڵخانەیان لە هەرێمی کوردستان.
روونیشی کردەوە، هێرشەکەی ئەمجارە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کارمەندی ئەمنی و زیانی گەورەش بە باڵەخانەی کونسوڵخانەکە گەیشتووە.
لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، هەوڵی بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەروەها کونسوڵخانەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان دەدەن.
سەرجەم ئەو هێرشانەی کە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژەوە کردوویانەتە سەر هەرێمی کوردستان، لە لایەن سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەمریکا و هاوپەیمانان تێکشکێنراون، هێرشەکانیش زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
لە بەرانبەردا ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.