هەرێم نیوز
پێنج حزبی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێکهێنانی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"یان ڕاگەیاند، کە ئامانجی سەرەکییان ڕووخاندنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەدەستهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسە بۆ گەلی کورد.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی شوباتی 2026، بە ئامادەبوونی هەریەک لە مستەفا هیجری، ڤیان پەیمان، ڕەزا کەعبی، بابەشێخ حوسەینی و حوسێن یەزدانپەنا، ڕێککەوتنی هاوپەیمانییەکە لە نێوان حیزبەکانی (پژاک، دیموکرات، خەبات، کۆمەڵە و پاک) واژۆ کرا و بە فەرمی ڕاگەیەندرا. ئەم هەنگاوەش دوای قۆناغێک لە گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی دێت لە پێناو یەکخستنی ڕیزەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
لە ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانییەکەدا هاتووە کە بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد دەیان ساڵە دژی سەرەڕۆیی و دەسەڵاتی ناوەندگەرا خەبات دەکات. ئاماژە بەوەش کراوە کە دوای ساڵی 1979، کوردستان بووەتە سەنگەری سەرەکیی خۆڕاگری و باجێکی زۆری داوە، لەوانەش لەسێدارەدان و تیرۆرکردنی دەیان سەرکردە و بەسەربازگەکرنی ناوچەکە لەلایەن دەسەڵاتی تارانەوە کە هیچ ڕەوایەتییەکی نەماوە.
سەبارەت بە ئامانجەکانی ئەم بەرە نوێیە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە کار بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، بەدیهێنانی مافی دیاریکردنی چارەنووسی کورد و بنیاتنانی دامەزراوەیەکی نیشتمانی و دیموکراسی دەکەن. هاوکات مەرجی هەر جۆرە هاوکارییەکیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی ئێران، بەستووەتەوە بە ناساندنی فەرمیی مافی نەتەوەکان و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هاوپەیمانییەکە باوەڕی نەگۆڕی خۆی بۆ پاراستنی ژینگە، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، یەکسانیی ژن و پیاو و دامەزراندنی سیستەمێکی سێکولار و دیموکراسی لە ئێران دووپات کردووەتەوە. هەروەها داواشیان لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی هاوپەیمانییەکە و خەڵکی کوردستان کردووە کە بێنە ناو ئەم بەرە نوێیەوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی کورد لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا.