دواین هەواڵ

کوردستان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

بانکی جیهان: پێنج مووچە دەدەینە بەشداربووانی هەژماری من؛ "بە کاش نادرێت و بە قیست دەگەڕێندرێتەوە"

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەری گشتیی بانکی جیهان ڕایدەگەیەنێت کە کارتێکی نوێیان بۆ بەشداربووانی پرۆژەی هەژماری من کارا کردووە، کە لە ڕێگەیەوە مووچەخۆران دەتوانن پێشینەی پێنج مووچە تا بڕی 10 ملیۆن دینار بە مەبەستی کڕینی پێداویستی وەربگرن.

ئەمڕۆ شەممە 21ی 2ی 2026، ئەحمەد عەبدولخالق، بەڕێوەبەری گشتیی بانکی جیهان ئاشکرای کرد کە بانکەکەیان کارتێکی کارا کردووە کە تایبەتە بەو مووچەخۆرانەی لە ڕێگەی بانکی جیهانەوە بەشدارییان لە پرۆژەی هەژماری من کردووە.

ئەحمەد عەبدولخالق ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕێگەی ئەم کارتەوە، مووچەخۆران دەتوانن پێنج مووچەی خۆیان وەربگرن، بەو مەرجەی کۆی گشتیی پێنج مووچەکە لە 10 ملیۆن دینار تێپەڕ نەکات.

هەروەها ڕوونی کردەوە کە دەکرێت مووچەخۆران ڕاستەوخۆ بە بڕی 10 ملیۆن دینار تەمویل بکرێن و دواتر پارەکە بە شێوەی قیست بۆ بانکەکە بگەڕێننەوە.

بەڕێوەبەری بانکی جیهان جەختی لەوە کردەوە کە ئەم خزمەتگوزارییە بە پارەی کاش (نەقد) نادرێتە فەرمانبەران، بەڵکو تەمویلێکە بۆ کڕینی پێداویستیی ناوماڵ، یان وەک بەشێک لە پارەی کڕینی ئۆتۆمبێل، خانوو و زەوی خەرج دەکرێت.

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەکەش، ناوبراو ئاشکرای کرد کە تەواوی پرۆسەکە بەپێی بنەماکانی قازانجی ئیسلامی جێبەجێ دەکرێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە دوای وەرگرتنی تەمویلەکە، پارەکە بە شێوەی قیست بۆ بانک دەگەڕێندرێتەوە و مووچەخۆر دەتوانێت بەپێی خواست و توانای خۆی ماوەی دانەوەی قیستەکە بۆ 12 مانگ، 24 مانگ، یان 36 مانگ دیاری بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP