هەرێم نیوز
جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەدات لە خراپیی دۆخی دارایی عێراق و مەترسییەکانی سەر مووچەی هەرێم، هاوکات ڕایدەگەیەنێت کە بەهۆی عەقڵییەتی یەکێتییەوە زەحمەتە کورد بە یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بچێتە بەغدا.
ئەمڕۆ شەممە 21ی 2ی 2026، فەرهاد ئەتروشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باسی لە ئاڵۆزییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق و پرسی پۆستی سەرۆک کۆمار کرد.
ئەتروشی ڕایگەیاند، سیاسەتکردن بەم عەقڵییەتەی ئێستای یەکێتی وایکردووە زەحمەت بێت کورد بتوانێت بە یەک کاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بچێتە پەرلەمانی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنە شیعەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستوەردان لە پرسی دیاریکردن و یەکلاییکردنەوەی کاندیدی ئەو پۆستە دەکەن کە پشکی کوردە.
سەبارەت بە کێشەکانی ناوماڵی شیعەش، ئەتروشی ئاشکرای کرد کە نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا سوورە لەسەر هەڵوێستەکانی و ناکشێتەوە، ئەمەش ململانێکانی ناوماڵی شیعە قووڵتر دەکاتەوە و کاریگەری لەسەر پرۆسەی سیاسی دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد و گوتی، سودانی بە ڕاشکاوی پێی وتووە کە دۆخی ئابووریی عێراق خراپە و ئەو پارەیەی دەستیان دەکەوێت بڕەکەی کەمە.
ئەتروشی هۆشداری دا کە ئەم لێدوانەی سودانی ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەگەری سەرهەڵدانی قەیرانی نەختینە و دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە.
لە کۆتایی قسەکانیدا لەبارەی دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەوە کردەوە کە خوێندنەوەی ئەو بۆ دۆخەکە ئەوەیە لە بەغدا نییەتێکی خراپ بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان هەیە.
پێشی وابوو ئەم نییەتە خراپە وا دەکات مەترسییەکان لەسەر شایستە داراییەکان و پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر بن.