دواین هەواڵ

کوردستان‌

 16 کاتژمێر پێش ئێستا

مەزڵوم عەبدی: لەگەڵ دیمەشق گفتوگۆمان کردووە؛ "زمانی کوردی لە قوتابخانەکان فەرمی دەکرێت"

هەرێم نیوز

فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا ئاشکرای دەکات کە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی سوریا لە گفتوگۆدان بۆ جێگیرکردنی زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە قوتابخانەکانی ناوچە کوردییەکان.

ئەمڕۆ شەممە 21ی 2ی 2026، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەیامێکی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک بڵاو کردەوە و پیرۆزبایی لە گەلانی جیهان و مامۆستایانی زمانی کوردی کرد.

لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە شۆڕشی ڕۆژئاوا دەرفەتێکی زێڕینی بۆ گەلی کورد ڕەخساندووە تا خاوەندارێتی لە زمانەکەی بکات و لە مەترسیی لەناوچوون ڕزگاری بکات.

مەزڵوم عەبدی باسی لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس کرد کە زمانی کوردی ڕووبەڕووی سیاسەتی تواندنەوە و قەدەغەکردن ببووەوە، بەڵام ئێستا بەهۆی قوربانیدانەوە هەزاران قوتابی بە زمانی کوردی دەخوێنن و گەیشتوونەتە ئاستی زانکۆ.

فەرماندەی گشتیی هەسەدە دەرکردنی مەرسوومی ژمارە 13ی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریای بە دەستکەوتێکی مێژوویی و هەنگاوێکی ئەرێنی ناو برد بۆ ئەوەی زمانی کوردی لە چوارچێوەی سووریادا وەک زمانێکی نەتەوەیی بناسرێت.

هاوکات ئاشکرای کرد کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی سووریا گفتوگۆیان کردووە بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو مەرسوومە، خوێندن لە ناوچە کوردییەکان بکرێتە کوردی و بە فەرمی لە وەزارەت و قوتابخانەکان جێگیر بکرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا داوای لە خێزانە کوردییەکان کرد منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە کوردییەکان و بایەخی زیاتر بە زمانی دایک بدەن.

هەروەها بۆ بەهێزکردن و ستانداردکردنی زمانەکە، داوای لە زمانناسان و ئەکادیمیستان کرد کار لەسەر بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی بکەن تا بچێتە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP