هەرێم نیوز
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و شاندێکی باڵای دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمریکا گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانیان بۆ خێراکردنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامدا و جەختیان لە چارەسەرکردنی ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو پرۆسە نیشتمانییە کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ٢ی ٢٠٢٦، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان بەرپرسانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و شاندێکی ئەمریکی بەڕێوەچوو. لە دیدارەکەدا دوایین هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە خرانە ڕوو و جەخت لە گرنگیی سەرخستنی پرۆسەکە کرایەوە.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی دەبنە ڕێگر لەبەردەم یەکگرتنەوەی هێزەکان.
هەروەها بیروڕا سەبارەت بە فراوانکردنی هەماهەنگی و هاریکارییە سەربازییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا ئاڵوگۆڕ کرا، بە مەبەستی دروستکردنی هێزێکی نیشتمانیی یەکگرتوو و تۆکمە.